سەرکەوتنی خێرا:

ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناواخن (Alt 1) ڕاستەوخۆ بازدان بۆ ناڤیگێیشن (ڕێبەر) (Alt 2)

ڕه‌زوان تالیب // سلێمانی
شانۆگه‌ری دارقه‌یسی

داری قه‌یسی لەلایەن ریزوان تالیب
وێنەگری: پەیمانگەی گوێته‌ عیراق

ڕه‌زوان تالیب  له‌شاری (حه‌له‌ب) له‌ سوریا له‌دایكبووه‌ و په‌یمانگای په‌رستاریی ته‌واو كردووه‌ و  له‌ سیوچوار ساڵیدا چۆته‌ دیمه‌شق و له‌وێ ژیاوه‌.  له‌ دوای یه‌كه‌مین ڕاپه‌ڕینی  به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ دوای ٢٠١٤  دیمه‌شقی به‌جێهێشتووه‌ و  له‌ شاری سلێمانی نیشته‌جێیه‌ ئێستا. كاری په‌رستاری كردووه‌ و له‌گه‌ڵ كاری په‌رستیاریدا هه‌میشه‌ كاری شانۆیی خۆی كردووه‌.

هاتنی ڕه‌زوان بۆ شاری سلێمانی له‌ سوریاوه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خۆی  و هاوژینه‌كه‌ی زانیاریان له‌سه‌ر ژیانی كولتوری سلێمانی هه‌بووه‌ و ده‌یانزانی كه‌ سلێمانی  شاری هونه‌ر و موزیك و ڕۆشنبیرییه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان ده‌كرد  له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌رگایان له‌سه‌ر بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان له‌ ساڵی ٢٠١٤ هاتبوون و له‌ كاتی هێرشی داعش و قه‌یرانی دارایی هاتبوون، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارودۆخێكی سه‌خت، ڕه‌زوان له‌ ٢٠١٥ له‌سلێمانی كاری شانۆیی ده‌ستپێكرده‌وه.

پرۆژه‌ی شانۆگه‌ری دار قه‌یسی ‌

ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ناوی ( دار قه‌یسی)ه‌، كاتی خۆی  لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری سه‌ر  به‌ ڕێكخراوێكی  له‌په‌ڕله‌مانی  ئه‌ڵمانیه‌وه‌ هاتبوو و گۆته‌ ئینستیتوت پشتگیری ده‌كردن.  جێگه‌ی باسه‌ كه‌ تیمه‌كه‌ یه‌كێك  له‌ڕاهێنه‌ره‌كانیان  له‌ به‌یروته‌وه‌ هێنابوو له‌گه‌ڵ خۆیان و  ئه‌و له‌‌ تیپی شانۆیی (زقاق - كۆڵان) وه‌ هاتبوو و ئه‌مانیش كاریان له‌گه‌ڵدا كرد. له‌ڕاستیدا  ئه‌مه‌ وه‌رشه‌یه‌ك بووه‌ بۆ ڕاهێنانی ژنانی ئێراقی له‌سه‌ر چۆنێتی نوسینی شانۆگه‌ری  و ماوه‌ی پێنج ڕۆژی خایه‌ند. هه‌ر ژنه‌ی چیرۆكێكی هه‌بوو بیڵێت و ده‌بوایه‌  له‌دوای وه‌رشه‌كه‌ ‌ كارێكی شانۆیی پێشكه‌ش بكرێت و كاره‌كه‌ش ‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ له‌ (كڵێسای  مه‌ریمی عه‌زرا‌)  له ‌گه‌ڕه‌كی سابوونكه‌رانی سلێمانی پێشكه‌شكرا.   
 
له‌هه‌مووی سه‌رنجڕاكێشه‌رتر بۆ ڕه‌زوان  له‌م وه‌رشه‌یه‌دا، چیرۆكی كیژێكی بیست و پێنج ساڵان بوو  له‌موسڵ كه ‌داعش دێن و ماڵه‌كه‌یان وێرانده‌كه‌ن، كه‌چی سه‌ره‌ڕای هه‌موو تراژیدییه‌كان ئه‌و خه‌فه‌تی بۆ ئه‌و دارقه‌یسییه‌ جوانه‌ ده‌خوارد له‌ماڵه‌كه‌یاندا. كیژه‌كه‌  نه‌یده‌زانی ئایا دارقه‌یسیه‌كه‌ش ماوه‌ یان ئه‌ویش وه‌ك خانووه‌كه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ و سووتاوه‌... ڕه‌زوان ده‌ڵێت؛ ئه‌م چیرۆكه‌ به‌هایه‌كی ئیستاتیكی گه‌وره‌ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبوو و گوازرش بوو‌ له‌وه‌ی تیرۆر و جه‌نگ و داعش په‌لاماری هه‌موو جوانیه‌ك ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ڵگری خه‌ونێكی جوانی مێینه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر خه‌فه‌تیان بۆ ونبوونی جوانیه‌كانی ژنان. ئه‌م چیرۆكه‌ هه‌ڵگری به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی ئازاری ژنانه‌ له‌ ئێراق و ناوچه‌كه‌دا...
 
 جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ژنه‌ به‌شداربووه‌كان بیرۆكه‌كی جوانیان له‌مه‌ڕ نوسین و گوزارشكردن له‌خۆكردن وه‌رگرتبوو و هه‌ر بۆیه‌ ژنه‌كان  سیناریۆیه‌كه‌یان  نوسی و ئه‌كته‌ره‌كانیش له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ بوو.  ده‌قه‌كه‌ ‌ به‌عه‌ره‌بی نوسرابوو پاشان وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر زمانی كوردی و ڕه‌زوان ده‌رهێنه‌ری ئه‌م پارچه‌ شانۆییه‌ بوو به‌ناوی (دارقه‌یسی) شانۆگه‌رییه‌كه‌‌ پازده‌ خوله‌كی خایاند و  له‌هۆڵێكی باش له‌سلێمانیدا نمایشكرا كه‌ناوی هۆڵی ( سینه‌ما سالم) ه‌ و بینه‌رێكی به‌رچاو هاتبوون بۆ سه‌یركردنی ئه‌م شانۆگه‌رییه.‌
ڕه‌زوان گرفتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ پشتگیری ناكرێت بۆ به‌رده‌وامبوون له‌م كاره‌ له‌شاره‌كانی دیكه‌ و هیواخوازه‌ پشتگیری بكرێت.

ڕه‌زوان ده‌رباره‌ی ئه‌م كاره‌ی (دار قه‌یسی ) ده‌ڵێت؛ ئه‌وه‌ی بۆ من وه‌ك ده‌رهێنه‌ری ئه‌م كاره‌ گرنگ بوو ‌ كه‌ ژنان و به‌تایبه‌ت ژنانی ئێراقی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ بشكێنن و گوزارش بكه‌ن له‌خۆیان و به‌رگری له‌به‌ها جوانیه‌كانی ئازادی خۆیان بكه‌ن.