هودا جاسم كازمی // به‌غداد - عه‌مان
ده‌روازه‌ی خۆرهه‌ڵات-حه‌ره‌م
هودا جاسم ئالكازمی له ساڵی ١٩٩١ له به‌غدا له دایكبووه و له ساڵی ٢٠٠٦ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌هۆی توندوتیژی تائیفی ئێراقیان به‌جێهێشتووه به‌ره‌و ئوردون، له‌وكاته‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له ئوردون ده‌ژی. ئێستا ژیانی هودا به‌هۆی كاری فیلمه‌وه له‌نێوان هه‌ردوو پایته‌خت (به‌غداد و عه‌مان) دا ده‌ژی.
هودا خاوه‌ن به‌كالۆریۆسه له‌زانكۆی ئه‌لعالیای ئه‌رده‌نی (به‌شی به‌ڕێوبردنی بازرگانی) و پاشان به‌شداری ۆرك شۆپێكی كردووه كه له‌لایه‌ن ده‌زگای مه‌له‌كی ئوردونی بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم ڕێكخرابوو و ئه‌مه‌ش زیاتر سه‌رنجی ئه‌وی ڕ‌اكێشا به‌ره‌و به‌رهه‌مێنانی سینه‌مایی. ئێستا خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مێنانی سینه‌ماییه كه له ساڵی ٢٠١٧ وه به‌رهه‌مهاتووه و چه‌نده‌ها فیلمی كورت و درێژیان به‌رهه‌مهێناوه.
پڕۆژه‌كه‌ی هودا
دۆكۆمێنتاریه و له‌ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ر(میدو علی)ه و نه‌وه‌د خوله‌كه. فیلمه‌كه ئێستا له قۆناغه‌كانی كۆتاییه‌تی. فیلمه‌كه باس له سێ ژنی عه‌ره‌ب ده‌كات كه كۆچی ناچاری ده‌كه‌ن به‌ره‌و فه‌ڕه‌نسا و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن. یه‌كه‌میان كچێكی ئێراقییه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری به‌زۆر به‌شوویانداوه، له‌ده‌ست ئه‌و به زۆر به‌شوودانه ڕاده‌كات و له‌فه‌ڕه‌نسا ده‌بێته په‌ناهه‌نده. دووهه‌میان كچێكی تونسیه كه دایكی جووله‌كه‌یه و باوكی موسوڵمانه و خه‌ون به‌وه ده‌بینێت ببێت به‌یاریكه‌ری بۆكسێن، به‌ڵام به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌دژی ئه‌و حه‌زه‌ی ئه‌ون، هه‌ربۆیه بڕیارده‌دا ماڵ جێبهێڵێت و به‌ره‌و فه‌ڕه‌نسا كۆچ بكات. سێهه‌میان كچێكی سووریه و له‌گه‌ڵ براكه‌یدا كه گوێچكه‌ی گرانه به‌هۆی جه‌نگ و باردودۆخی سووریا ڕاده‌كات بۆ فه‌ڕه‌نسا. به‌مشێوه‌یه فیلمه‌كه باس له ژیانی ئه‌و سێ ژنه ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك له فه‌ڕه‌نسا نیشته‌جێبوون و ڕه‌دووی ئه‌وه ده‌كه‌وێت؛ ئایا به‌گه‌یشتنیان به فه‌ڕه‌نسا توانیوویانه خه‌ونه‌كانیان به‌دیبهێنن و بگه‌نه ئه‌و زه‌وی خه‌ونه‌كانیان؟!ده‌رباره‌ی ئه‌م فیلمه هودا ده‌ڵێت؛ جگه له‌م سێ ژنه، ته‌نها یه‌ك پیاو له‌فیلمه‌كه‌دایه كه ئه‌ویش برای (ڕۆزا)ی سوورییه كه‌له‌گه‌ڵ برا گوێچكه گرانه‌كه‌یدا به‌ره‌و فه‌ڕه‌نسا كۆچده‌كات. فیلمه‌كه ئاوڕدانه‌وه‌یه له پێكهاته‌ی سایكۆلۆژی كچی عه‌ره‌بی كه به‌هۆی به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ها دواكه‌تووه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه ئاڵۆز بووه. هه‌ر بۆیه ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م فیلمه‌وه ئاوڕ له ژیانی ژنی عه‌ره‌بی بده‌ینه‌وه.
ئایدیاكانی پشت ئه‌م فیلمه
ڕاكردنی كچان له شاری به‌غدا له‌ده‌ست كه‌سوكاریان به‌هۆی كۆت و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌توو له‌سه‌ر ئازادیان، دیارده‌كه‌یه ڕوو له‌زیادبوونه. ژنان و كچان له نیشتمانی عه‌ره‌بی له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دان و ئه‌مه‌ش وه‌هایكردووه كه پێكهاته‌ی سایكۆلۆژی ژنی عه‌ره‌بی، پێكهاته‌یه‌كی ئاڵۆزی بێت. له‌م فیلمه‌دا وه‌ك هودا ئاماژه‌ی پێده‌دا؛ كیژه ئێراقیه‌كه كه ده‌گاته فه‌ڕه‌نسا خێرا حیجابه‌كه‌ی داده‌كه‌نێت و له‌هه‌موو شوێنێكدا سه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌كات؛ له‌ناو میترۆ و شه‌قام و شوێنه گشتیه‌كاندا، ئه‌مه‌ش گه‌واهی ئه‌و هه‌موو كۆت و به‌ندییه كه له‌سه‌ر ژنی ئێراقی و عه‌ره‌بی دانراوه و ئازادی لێ زه‌وتكراوه...ته‌نانه‌ت وه‌ك هودا ئاماژه‌ی پێده‌دا؛ هیچ یه‌كێك له‌و سێ ژنه له فه‌ڕه‌نساش نه‌یانتوانیووه خه‌ونه‌كانیان به‌دیبهێنن و ئازادبن. بۆ نمونه؛ كچه تونسیه‌كه له‌وڵاتی خۆی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دایكی جووله‌كه بووه و باوكی موسوڵمان، كه‌چی به‌هه‌ردووكیان و به‌هه‌ردوو ئاینه‌كه‌وه وه‌رزشی بۆكسێنی ژنان به‌عه‌یبه تێده‌گه‌یشت و دژی وه‌ستانه‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی تر له‌فه‌ڕه‌نسا یه‌خه‌ی ده‌گرێت و ئه‌م كیژه بۆئه‌وه‌ی له‌فه‌ڕه‌نسا ده‌رینه‌كه‌ن و مافی مانه‌وه وه‌ربگرێت خه‌ونه‌كه‌ی به‌دیبهێنێت شووده‌كات به پیاوێكی جه‌زائیری كه به‌رده‌وام توندوتیژه له‌گه‌ڵیدا و دوومنداڵی لێی ده‌بێت. ئیدی خه‌ونه‌كه‌ی بهوه‌ی ببێت وه‌رزشه‌وانی بۆكسێن نه‌ك هه‌ر ده‌بێت به‌هه‌ڵم، به‌ڵكو گرفته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه نازانێت چ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه بمێنێته‌وه یان به‌دوومنداڵه‌وه له مێرده‌كه‌ی جیابێته‌وه!
کۆمێنت
نووسینی کۆمێنت