یه‌حیا العلاق // به‌غداد
فیلمی ڕێگای موسڵ
![Yahya W Yahya W](/resources/files/jpg865/004-yahya-al-allaq-w1-formatkey-jpg-w983.jpg)
یه‌حیا عه‌لاق له ساڵی ١٩٨٠ له دایكبووه، هه‌ر له‌به‌غداد له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان شانۆی خوێندووه و دوایش بكالۆریۆسی سینه‌مای له ئه‌كادیمای هونه‌ر جوانه‌كانی به‌غدا ته‌واو كردووه و چه‌نده‌ها كورته فیلمی ده‌رهێناوه.
له‌دوای ڕووخانی سه‌دام و له‌ساڵی ٢٠٠٤ یه‌كێك له ده‌رهێنه‌ره به‌ناوبانگه ئێراقیه‌كان (محمد الدراجی ) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێراق و یه‌حیا له‌گه‌ڵیدا وه‌ك یاریده‌ره‌ی ده‌رهێنه‌ر له‌فیلمێكدا به‌ناوی (خهونهكان) كارده‌كات و دوایش له بریتانیا و كۆی جیهاندا ئه‌م فیلمه نمایشده‌كرێت و چه‌نده‌ها خه‌ڵات ده‌باته‌وه. له‌كاتی ده‌رهێنانی ئه‌م كاره له‌لایه‌ن چه‌كدارانی قاعیده‌وه ده‌ستگیرده‌كرێن و به‌ڵام به‌ڕێكه‌وت ئازادیان ده‌كه‌ن. جارێكی‌تر هه‌مان ده‌رهێنه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌رهێنانی فیلمه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (كوڕی بابل) و یه‌حیا وه‌ك یاریده‌ری یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵیدا كارده‌كات. فیلمه‌كه یه‌كێكه له فیلمه به‌ناوبانگه‌كان كه باسی بارودۆخی جه‌نگ ونه‌هامه‌تی ئێراقیه‌كان ده‌كات.
ئه‌م كارانه‌ی یه‌حیا وه‌ها ده‌كات كه تواناسازیی وه‌ربگرێت له ئه‌مریكا و له‌ئه‌كادیمیای نیوۆرك ماسته‌ر له دروستكردنی فیلم‌دا به‌ده‌ستبهێنێت. یه‌حیا له‌ساڵی ٢٠١٥ وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ (ئێراق – به‌غداد) و وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و سكریپت نوسه‌ری سینه‌مایی كاری خۆیده‌كات.
فیلمی (ڕێگه‌ی موسڵ)
فیلمی (ڕێگای موسڵ) فیلمێكه ل نوسینی سێ نوسه‌ره (یه‌حیا العلاق، حسن فالح) و نوسه‌ری ئیتاڵی (سیلینی دی ڤیگا) یه. فیلمه‌كه له دووسه‌د كاراكته‌ری لاوه‌كی و سێ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی پێكدێت و هه‌شتا خولهك ده‌خایه‌نێت. یه‌حیا به‌نیازه له دێسمبه‌ری ٢٠١٩ ده‌ستبكات به‌كاركردن و ده‌رهێنانی فیلمه‌كه.فیلمی (ڕێگای موسڵ) باس له كچێكی منداڵ ده‌كات (نوور) كه له‌گه‌ڵ براگهورهكهیدا (زهكریا) له كه‌مپێكی په‌ناهه‌نده‌كان له‌كه‌ركوك ڕاده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ موسڵ و دایكیان بدۆزنه‌وه كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه كراوه به نێرس و له خه‌سته‌خانه‌یه‌كی موسڵ كارده‌كات. بێگومان موسڵ ماوه‌یه‌كی كورته له ٢٠١٧ دا له‌ده‌ست داعش ڕزگاری بووه و به‌درێژایی ڕێگاكه زهكریا چه‌قۆیه‌كی پێیه وده‌یه‌وێت بگاته موسڵ و له‌وێ دایكی بكوژێت. كوشتنه‌كه له‌سه‌ر شه‌ره‌فه، چونكه زهكریا ده‌گاته‌وه به‌رگوێی كه گوایه؛ دایكی له‌گه‌ڵ داعشدا له ته‌نیشت كاری په‌رستیاری له (جیهادی نیكاح)دا به‌شداره و شه‌ره‌فی خێزانه‌كه‌ی له‌كه‌داركردووه.
پاشخانی ئه‌م فیلمه
یه‌حیا له ٢٠١٥ دا سكریپتی فیلمی (ڕێگه‌ی موسڵی) نوسیبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئه‌وی ڕ‌اكێشا كاتێك بوو، كه یارمه‌تی هاوڕێیه‌كی ده‌دا كهلهڕێكخراوێكی خێرخوازی كاریده‌كرد و یارمه‌تی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵكی موسڵی ده‌دا كه له‌ده‌ست تیرۆری داعش هه‌ڵاتبوون. له‌وێ كچێكی منداڵ ده‌بینێت كه ناوی (زه‌ینه‌ب)ه و هه‌وڵده‌دات قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام زه‌ینه‌ب به‌قووڵی وبێده‌نگی سه‌یریده‌كات و هیچ ناڵێت. دوایی یه‌حیا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت؛ كه ئه‌م منداڵه دایك و باوكی له‌لایه‌ن داعشه‌وه كوژراون و ئه‌ویشیان وه‌ك كچێكی منداڵ كردۆته كۆیله بۆ فرۆشتنی له‌بازاڕدا، به‌ڵام دوایی توانیویه‌تی له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێت. یه‌حیا ده‌ڵێت؛ بێده‌نگی ئه‌و كچه منداڵه گوزارش بوو له‌و نه‌هامه‌تیه‌ی كه به‌سه‌ر ژنان و منداڵانی ئێراقدا هاتووه و ئه‌مه‌ش زیاتر پاڵی پێوه‌نام كه ئه‌م فیلمه به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نم.ئامانجی فیلمه‌كه
له‌كاتی گه‌شته‌كه‌یاندا (زهكریا و نوور) به‌شار وشارۆچهكانی ئێراق و كوردستاندا تێده‌په‌ڕن، له ده‌شته‌وه بیگره تاوه‌كو سارا و شاخوداخی جوان، به‌مه‌ش یه‌حیا ده‌یه‌وێت هه‌مه‌ڕه‌نگی جوگرافی و كولتوریی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراقی نیشانبدات. فیلمه‌كه باس له‌وه‌ده‌كات، كه داعش له كوشتن و تیرۆردا هه‌موو پێكهاته‌كانی كردۆته ئامانج وجه‌نگ و ماڵوێرانی هێشتا له‌ڕووی سایكۆلۆژیی و مه‌زهه‌بی و سیاسییه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراقی دابه‌شكردووه و برینی گه‌وره‌ی تێدا دروستكردووه. یه‌حیا ده‌یه‌وێت له‌م فیلمه و زۆربه‌ی فیلمه‌كانیدا ئه‌و نه‌هامه‌تیه ئێراقییه نیشانی دونیا بدات كه به‌رۆكی مرۆڤی ئێراقی گرتووه.یه‌حیا ڕۆژانی جه‌نگی كوێتی یه‌كه‌می له‌یاده كه‌چۆن وه‌ك منداڵێك له‌ترسی بۆمباران ڕایانكردۆته نه‌جه‌ف و چۆن له‌كاتی جه‌نگی ئێران – ئێراقدا له هه‌شتاكاندا كه منداڵ بووه هه‌میشه باپیره ونهنكی بینیووه گریاون بۆ كوڕه‌كه‌یان. یه‌حیا ده‌ڵێت؛ من له‌پڕێكدا بۆمده‌ركه‌وت كه حه‌وت مامم نییه، به‌ڵكو مامێكی ترم هه‌یه كه خانه‌واده‌كه‌م باسیان نه‌كردووه و باپیره‌م به‌دڵشكاوی مرد ونه‌یتوانی پێی شادبێته‌وه. ئه‌م مامه‌یه‌م دوای ڕزگاركردنی ئێراق له‌ئێرانه‌وه هاته‌وه، چونكه ئۆپۆزیسیۆنی دژی سه‌دام بوو. به‌مجۆره من چاوم به‌سه‌ر نه‌هامه‌تی ئێراقیهكاندا كرایه‌وه. هه‌ر له‌منداڵیه‌وه كه وێنه‌ی جه‌نگ و كوشتارم له ته‌لفیزۆنی ئێراقیدا ده‌بینی.
له‌م پاشخان و بیروڕایانه‌وه، یه‌حیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی فیلمه‌وه بیروڕای خه‌ڵكی بگۆڕێت و له‌و بڕوایه‌دایه؛ فیلم ده‌توانێت ژیان بگۆڕێت. به‌تایبه‌ت له‌م فیلمه‌یدا ده‌یه‌وێت خه‌ڵكی هوشیاربكاتهوه كه (كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف) له‌ژێر هه‌ر پۆزشێكدا بێت كارێكی هه‌ڵه‌یه وئاماده‌یه نه‌ك ته‌نها له‌سینه‌ما گه‌وره‌كان به‌ڵكو له‌هه‌موو گوندێكیشدا كه له‌ژێر ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌ناڵێنن، نمایشی بكات.
کۆمێنت
نووسینی کۆمێنت