ژینگەپارێزی لە کەرکوک: ئەو شوێنەی سیاسەت شوێنپێی هونەر کەوتوە
© Goethe-Institut Irak / Ako Rasheed
پرسی ژینگە بۆ ماوەیەکی درێژ لە بەرنامەی بڕیاربەدەستانی سیاسی لە کەرکوک نەبوو. هەرچەندە چەندین ئاڵەنگاری ژینگەیی لە ناو شارەکەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا زۆر کەم بۆ کێشەی پیسبوونی ژینگە ئەنجام دراوە. لێرەدا هونەر دەستپێشخەری دەکات و بابەتی ژینگە دەکاتە چەقی دیبەیتە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەش وەک بەشێک لە پرۆژەی سپۆتلایت عێراق (Spotlight Irak)، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە چوارچێوەی هەماهەنگی "تەعزیز" پاڵپشتی دەکرێت و تیایدا بابەتی ژینگە لە ڕێگەی هونەری ئینستاڵەیشن (Installation art) بەرجەستە دەکرێت.
Von شلوڤه صاما
سیاسەت و ژینگە لە کەرکوک
کەرکوک لەو شارانەی عێراقە کە تێیدا پرسی ژینگە بە هۆی دۆخی ئاڵۆزیی سیاسی کەوتۆتە پەراوێز. لە روی ئیداری و سیاسییەوە بارودۆخی کەرکوک تا ئێستاش جێگەی مشتومڕە. لە ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراقدا هاتووە کە داهاتووی شاری کەرکوک وەکو بەشێک لە هەرێمی کوردستان یان عێراق لە رێگەی راپرسیی گشتییەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ یەکلایی دەکرێتەوە. تا ئەنجامدانی راپرسی، حزبە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق لە هەوڵی ئەوەن هەژموون و دەستەڵاتی خۆیان لەو شارە فراوانتر بکەن. دەوڵەمەندیی شارەکە بە سامانی نەوت رۆلێکی گەورە دەبینێت. جگە لەوەش لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش تا ئێستاش هەڕەشە و مەترسیی تەقینەوەکان لەلایەن خانە نووستوەکانی داعش لەسەر شارەکەدا ماون.ململانێی هێزە سیاسییەکان بۆ زۆرینەی دانیشتوانی کەرکوک ماندووکەرە. دانیشتووانی شاری کەرکوک لە رووی کەلتوریی و زمانەوانییەوە فرەڕەنگن، زۆربەی دانیشتوان بە هەرسێ زمانی تورکمانی و کوردی و عەرەبی لە روی قسەکردن و تێگەیشتنەوە ئاشنان. ئایدا الربیعی دەڵێت „کایەی سیاسی پرسی تایبەت بە خۆی هەیە کە لەگەڵ پرسەکانی تری کۆمەڵگە جیاوازن. ئێمە بەناچاریی لەو شارە لەگەڵ زبڵ و خاشاک دەژین. ئێمە وەکو هاووڵاتی پرسی ترمان هەن کە پێویستە خۆمان شانیان بدەینە بەر.“ الربیعی سەرپەرشتی پرۆژەیەکی ژینگەپارێزی لە کەرکوک دەکات کە بەشێکە لە پرۆژەی (Spotlight Irak).
.
وەکو شارێکی دیاری دەوڵەمەندی عێراق بە سامانی سرووشتی و ژێرزوەی، ئامێرەکانی دەرهێنانی نەوت و گازی ژێرزەمینی لە هەمو شوێنێکی شارەکە دەبینرێن و بۆنەکەی لە دوورەوە هەستی پێ دەکرێت. ئەو شێوازە لە دەرهێنانی نەوت رێژەی گازی زیانبەخش لە هەوای شارەکە زیاتر دەکات، کە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر تەندرووستی هاووڵاتیان و پیسکردنی ژینگەی شارەکە. الربیعی ئەمە پشتراستدەکاتەوە: „سەرەڕای ئەوەی من لە پەراوێزی شار نیشتەجێم، بەڵام لەوێوە هەست بە بۆنی گاز دەکەم. بەفەرمی بە ئێمە دەڵێن هیچ پیسبونێکی ژینگەیی نییە، بەڵام ئێمە دەبینین کە شەقامەکان پڕن لە خۆڵ و خاشاک و شار بە شێوەیەکی دروست و تەندروست پاکناکرێێەوە“.
هونەری ئینیستاڵەیشن (Installation art) وەکو ئامڕازێک بۆ تاساندنی کۆمەڵگە
ئایدا الربیعی و خوێندکارەکانی هونەری ئینیستاڵەیشنیان هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگە بە پرسی ژینگە ئاشنا بکەن. الربیعی بە لایەوە گرنگە کە بەشداری بە هونەرمەندانی گەنج بکات. „من لەوانەیە رۆژێک بێت، لە ژیاندا نەمێنم، لەبەر ئەوە هیوا و ئومێد لەسەر گەنجەکان هەڵدەچنم. جگە لەوەش ژینگە پرسی داهاتووە“. پێشانگە هونەرییەکە لە خۆیدا سەردانیکەران دەتاسێنێت و چەندین پرسیاریان لەلا دەوروژێنێت. کەلوپەلی وەکو پلاستیک لە شێوەی کیسەی خۆڵ و خاشاک، پارچە ئاسنی ژەنگاوی و پاشماوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ هەستیارکردنی سەردانیکەران سەبارەت بە پرسی ژینگە.نزیکەی حەفت هەزار سەردانیکەر و هەرەوەها ژمارەیەک لە میدیا عێراقییەکان ئامادەبوون و هەواڵی پێشانگاکەیان گواستەوە. الربیعی گووتیشی: „سەردانیکەران پرسیارگەلێکی زۆریان هەبوو، ئەوەش بوە مایەی هاندانی زیاترم کە پرسی ژینگە لە ناو کۆمەڵگە گرنگیپێدانی پەیداکردووە. کەسانی جیاواز بۆچونیان وابوو کە ئێمەی دانیشتوانی کەرکوک پێویستە خۆمان خەم لە پرسی ژینگە بخوێن و پشت بە کایەی سیاسی نەبەستین.“ پرسی ژینگەپارێزی نەک تەنها لە کەرکوک، بەڵکو لە سەرتاسەری عێراق بۆتە پرسێکی گرنگ بۆ هاووڵاتیان، چونکە چیتر تەنها وەکو پرسێکی ئەپستراکتی گۆڕانی کەشوهەوا سەیر ناکرێت، بەڵکو بۆتە بەشێک لە واقیعی راستەخۆی ژیانیان.
کاردانەوەی فەرمانگە حکوومەتییەکان جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو. پێدەچێت کاری هونەرمەندان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی خۆجێیی کەرکوک دانابێت. دوای ماوەیەکی کەم لە پێشانگاکە، دوو دەستپێشخەریی فەرمانگە حکوومەتییەکان هەبوون؛ لە لایەک خۆڵ و خاشاک لە شارەکە لابرا و لە لایەکی دیکەشەوە 500 نەمامی بەخشراو لەکەرکوک چێنران. بۆیە سەرەڕای هەموو ئەو تەحەدا سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە کەرکوکدا هەن، هەندێک جار وا دیارە سیاسەت شوێنپێی هونەر دەکەوێت.