لێکدانەوەویەکی نوێی موزیک بۆ شیعرەکانی ئەحمەدی خانی
![](/resources/files/jpg1268/20230505_sulaymaniah_khani_konzert_semyanshaboy-41-formatkey-jpg-w320m.jpg)
شیعر و مۆسیقا، وەکو فۆرمێکی هونەری کۆن و هەمیشەیی بە درێژایی مێژوو ئیلهام و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە. لە ڕێگەی تێکەڵبوونیانەوە، بۆ نموونە لە دووبارە لێکدانەوەی شیعر لە ڕێگەی پێکهاتە مۆسیقیەکانەوە، وشەکان لە چوارچێوەیەکی نوێدا دادەنرێن و مانا و بەهای نوێی دەبەخشن
Von هێڤی عومەر و سوزانا پۆلەک
دانا موحێدین، میوزیکژەنێکی کوردە و هەردوو ئامێری تار و سێتار دەژەنێت، لە کۆنسێرتێکدا، کە لەلایەن پەیمانگای گۆتە لە عێراق لەگەڵ گۆرانیبێژ ڕیاز عوسمان لە شاری سلێمانی ڕێکخرابوو، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ توانیان پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان شیعر و مۆسیقا نمایش بکەن لە ڕێگەی لێکدانەوەی مۆزیک بۆ شیعرەکانی ئەحمەدی خانی. دانا ئەو کەسەیە، کە هەر لە منداڵییەوە بە مۆزیک زۆر سەرسام بووە، لە خێزانێکی هونەرمەندیش لەدایک بووە و گەورە بووە. ئەمەش هاوکارو یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی مۆسیقا ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ئەو.
دانا باس لەوە دەکات، کە چۆن مۆسیقا هەمیشە بەشێک بووە لە بوون و بوونەکەی، یاوەرو هاورێی بووە لە ساتەکانی خۆشی و دڵتەنگیدا وە بنەمایەکی بەردەوامی ئارامی و دەروونی بووە بۆی. بە تێپەڕبوونی کات وابەستەیی و سەرسامی بە مۆسیقا پەرەی سەندوە ئەوەش وایکردوە ببێتە موزیکژەنێکی دیاری تار و سێتار.
دانا سەرەتا ڕیتم و نۆتەکان بۆ ئەو مۆسیقایەی کە دەیەوێت دایبنێ دەنووسێتەوە، دواتر ئیمپرۆڤیزەیشنەکان (ئیرتیجالەکان) ئەنجام دەدات، کە بە ئیمپرۆڤیزەکردنی (ئیرتیجالکردنی) موزیک ناسراە. کاتێک موزیکژەنەکان ئەم پرۆسەیە ئەنجام دەدەن، ئەوان لەسەر بنەمای داهێنان و تاقیکردنەوەکان پارچە مۆسیقایەک ئامادە دەکەن، کە بە ڕیتم دەیکەن. دانا زیاتر ڕوونی دەکاتەوە بەوەی چۆن لە پرۆسەی ئیمپرۆڤیزەکردندا ئیلهام لە دێڕێکی شیعرییەوە وەردەگیرێت و دواتر ئەم دێڕە شیعرییە چۆن دەبێتە بنەمایەک بۆ پارچە مۆسیقیەکان.
توانستی مۆسیقا بۆ دووبارە لێکدانەوەی شیعر بە تایبەتی لە شیعرە کۆن و کلاسیکەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە دەتوانرێت بە ئاوازێکی مۆزیک ژیانێکی نوێیان پێبخشرێت و بەم شێوازەش میراتە کولتووریەکان بپارێزرێت. لە هەمانکاتدا مۆسیقا دەتوانێت وەک پردێکی کولتووری خۆی نمایش بکات، زەمینەی بۆ سازبدات لە ئاستێکی قووڵتردا پەیوەندی بە ئەزموونەکانی ئەوانی دیکەوە بکەن، ئەمەش پەرە بە بیری کراوە و هاوسۆزی دەدات. هەوڵەکانی دانا موحێدین بۆ هەناسەدانی ژیانێکی نوێ بۆ شیعرە کلاسیکەکانی خانی لە ڕێگەی ئەو پارچە مۆسیقیانەی، کە لەگەڵ گۆرانیبێژ ڕیاز عوسمان پێشکەشیان کردووە، بەم شێوەیەش تێگەیشتنێکی نوێ لە شیعر بۆ بینەر بەرجەستە دەکات و لە هەمانکاتیشدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ فراوانکردنی بەهاکانی فرەچەشنە کولتووریەکان.