لانه حه‌داد
گه‌مه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی ئاشووری
![Lanah Haddad W Lanah Haddad W](/resources/files/jpg866/023-lanah-haddad-w-formatkey-jpg-w320m.jpg)
لانه حه‌داد له هه‌ولێر له‌دایكبووه و و دایكی خه‌ڵكی كه‌ركوكه و باوكی خه‌ڵكی خانه‌قینه. خانه‌واده‌ی لانه كاتی خۆی له شاری به‌غداد ژیاون . پێش له‌دایكبوونی، خانه‌واده‌كه‌ی هاتوونه‌ته هه‌ولێر و له‌وێ نیشته‌جێ بوون . دواتر به‌هۆی بارودۆخی سیاسی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دامه‌وه ڕوو ده‌كه‌نه ئه‌ڵمانیاو له‌وێ جێگیر ده‌بن. لانه له شه‌ش ساڵیه‌وه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی و له ساڵی ٢٠١٥ ماسته‌ر له شوێنه‌وارناسی و زمانه دێرینه‌كانی ئه‌كه‌دی و سۆمه‌ری به‌ده‌ستده‌هێنێت و له ساڵی ٢٠١٦وه خوێندكاری دكتۆرایه له زانكۆی فرانكفۆرت.
لانه ئه‌شقێكی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ زانستی شوێنه‌وارناسی و كولتوره جیاوازه‌كانی مێزۆپۆتامیا، هه‌ڵگری چه‌نده‌ها ئایدیای نوێیه كه ده‌رئه‌نجامی ئه‌زموون و به‌ریه‌ككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كاری شوێنه‌وارناسیدا له‌لای دروستبووه. لانه حه‌داد له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها تیمی شوێنه‌وارناسی ئه‌ڵمانی و جیهانی له میسر و ئه‌رده‌ن و سوریا و به تایبه‌ت ئێراق كاریكردووه. ئێستا له هه‌ولێر ده‌ژی و پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كردووه كه سپۆت لایت- ئێّراق پشتگیری ده‌كات.
گه‌مه‌ی ئیمپڕاتۆڕیه‌تی ئاشووری
ئیمراتۆریه‌تی ئاشووری ناوی پڕۆژه‌كه‌ی لانه‌یه، كه له‌سه‌ر شێوازی یارییه‌كه. لانه له‌م ڕێگایه‌وه ده‌یه‌وێت كه ئه‌و زانیاری و دۆزینه‌وانه‌ی كه شوێنه‌وارناسه‌كان به‌ده‌ستیان هێناوه، بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه.لانه ده‌ڵێت؛ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی زانستی شوێنه‌وار ناسی، بێگانه‌كانی وه‌ك ( گه‌ڕیده‌كان، په‌یامهێنه‌ره كریستیانیهكان ، دیپلۆمات و شوێنه‌وارناسه‌كان) به‌شێكی زۆر له میراتی شوێنه‌وار و كولتوری ئه‌م ناوچه‌یه‌یان بردووه. به مۆڵه‌تی فه‌رمی یان بێ مۆڵه‌ت ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجام داوه. خۆشبه‌ختانه، ئێستا یاسا ڕێگا نادات به جێگۆڕكێ كردن و لابردنی كه‌ره‌سه و ئۆبجێكتی شوێنه‌واره‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لانه له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئه‌مڕۆ پرۆژه شوێنهوارناسیهكان شتێكی تر ده‌به‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان كه ئه‌ویش (زانست) و زانیاریه كه دواتر نایگه‌ڕێننه‌وه بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه. ..ڕاپۆرته ورده‌كان له بازنه‌ی داخراو و تایبه‌تدا ده‌مێنێته‌وه و ته‌نها ڕاپۆرتێكی كورت ده‌درێته خه‌ڵك. لێره‌وه پڕۆژه‌كه‌ی لانه هه‌وڵدانه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی لۆكاڵ له‌گه‌ڵ شارستانیه‌ت و شوێنه‌واره‌كانی خۆیان.
پڕۆژه‌كه‌ی لانه
پڕۆژه‌كه یاریه‌كه به زمانی عه‌ره‌بی و كوردی (سۆرانی وبادینی) كه پشتبه‌ستووه به زانستی شوێنه‌وارناسی و فاكتی مێژوویه‌وه. یاریه‌كه بریتیه له ته‌خته‌یه‌ك، كارتی یاریكردن و كارتی ماڵ دروستكردن. گه‌مه‌یه‌كه له‌نێوان دوو یاریكهردا كه نوێنه‌ری دوو پاشای گه‌وره‌ن (ئاشوور بانیبال) و (سه‌نحاریب) ئامانجی یاریه‌كه ئه‌وه‌یه كه ببیته پادشایه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت. پێنج شاری سه‌ره‌كی ئێمپایه‌ری ئاشووری له‌یاریه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه، كه پێكهاتووهن له (ئاشوور، نه‌مرود ، دووشاروخین،.نه‌ینه‌وه و ئهربهئیلا) هه‌روه‌ها كارتی بینا دروست كردنه‌كه پێكهاتووه له شه‌ش به‌ش؛ خانووبه‌ره، شوێنی كار، قه‌ڵاكان، دیوار، خان، په‌رستگه و كۆشك.له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا نامیلكه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ یاریه‌كه‌دا ده‌درێت به گهمهكارهكان و زانیاری له‌سه‌ر دوو پادشاكه و كار وپیشه‌ی جیاوازی ئه‌و سه‌رده‌مانه وه‌كو ( كه‌شیش، سه‌رباز، وه‌ستای بیناسازی و بازرگان و كارمه‌ند). هه‌روه‌ها زانیاریش له‌سه‌ر قۆناغه جیاوازه‌كانی ئه‌م نیشته‌جێبوونانه، نامیلكه‌كه پێشینه‌ی مێژووی و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م پێنج شاره له خۆگرتووه.
ئایدیاكانی ئه‌م پڕۆژه‌یه
لانه له‌و بڕوایه‌دایه، كه شارستانیه‌تی ئاشووری تایبه‌ت نییه به كلدان و ئاشوورییه‌كان. لانه ده‌ڵێت؛(هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێره‌دا ژیاون بخرێنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شارستانیه‌ته. ئه‌مانه به‌شێكن له هه‌مه‌ڕه‌نگی و كولتوری جیاوازی ئه‌و خه‌ڵكه زۆره‌ی لێره‌دا بوون. له مێزۆپۆتامیا هیچ كات یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك كو‌لتور بوونی نه‌بووه. ئه‌وه بیركردنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیه كه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك نه‌ته‌وه، یه‌ك زمان و یه‌ك كو‌لتور كارده‌كات. لێره‌وه ناسیونالیزم داهێنانهكی خۆرئاوایه، سترهكتورێكه زۆرتر په‌یوه‌سته به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆرئاواوه. به‌ڵام له خۆرهه‌ڵات و ئه‌م ناوچه‌یه‌دا چیرۆكێكی تر ده‌گوزه‌رێت، چونكه شوێنه‌وار و شارستانیه‌تی مێزۆپۆتامیا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه ئه‌م ناوچه‌یه هه‌میشه فره ڕه‌هه‌ند و فره كو‌لتور بووه...)
لانه ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی خۆی به هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌زانێت بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زانیاری به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی شوناسی شارستانی خۆیان و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت؛ ئه‌م پرۆژه‌یه گیانی فرهكولتوری و یه‌كتر قبوڵكردن قووڵتر ده‌كاته‌وه .